بۆچی ناتوانیت سەعی بکەیت؟

سەرەتا

بۆچی ناتوانم سەعی بکەم ، لەوانەیە زۆرجار خوێندکار ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بووبێتەوە لە قۆناغەکانی هەوڵدان و تێکۆشاندا. سەعیکردن پڕۆسەی فێربوون و دەستکەوتنی زانیارییە لەسەر بابەتێکی دیاریکراو لەڕێگەی تێگەیشتن و لەبەرکردن یان ڕاهێنانکردن. لە خوێندنگەدا ئامانجی سەرەکی خوێندکار لە سەعیکردن بریتییە لە بەدەستهێنانی نمرەیەکی باش، تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی، گەیشتن بە ئامانجەکانیان و هەبوونی ئیشێکی گونجاو لە دواڕۆژدا.

بۆچی ناتوانیت سەعی بکەیت؟

سەعیکردن پێویستی بە بەردەوامی هەیە، زۆر کەمن ئەو کەسانەی چێژ لەم پڕۆسەیە دەبینن و بە خۆشەویستییەوە ئەنجامی دەدەن. زۆربەی خوێندکاران دوای ماوەیەکی زۆر لە خوێندن یان بەهۆی پەیڕەوکردنی شێوازێکی نادروست توانای سەعیکردنیان نامێنێت، بەشێوەیەک جۆرە ساردبوونەوەیەکیان تێدا بەدیدەکرێت و دەکەونە ژێر فشاری دەروونی و دوودڵییەوە، بەمەش لەوانەیە خوێندکارەکە نمرەیەکی کەم لە وانەکاندا بە دەست بهێنێت و ئەگەری هەیە لە خوێندن دوابکەوێت. هەندێک لەو هۆکارانەی کە خوێندکار بەهۆیەوە توانا و تاقەتی سەعیکردنی نامێنێت، بریتیین لە:

بەسەرنەبردنی کات لەگەڵ هاوڕێ یان خێزان

یەکێک لە کلیلەکان بۆ سەرکەوتن و سەعیکردنێکی کاریگەر بریتییە لە هێشتنەوەی هاوسەنگی لەنێوان سەعیکردن و چێژ بینین لە خۆشییەکانی ژیان، وەک بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزانەکەتدا. کۆنتڕۆڵکردنی کات و دابەشکردنی بنەمایەکی زۆر گرنگە لە پڕۆسەکەدا، لەوانەیە بتوانرێت بۆ ماوەیەکی کاتی بەتەنها تەرکیز لەسەر خوێندن بکرێت، بەڵام دواتر ساردبوونەوە و بێزاری ڕوودەدات. بۆیە واباشترە هەوڵبدرێت لەگەڵ خوێندنەکە تێکەڵی کەسانی دەوروبەر ببن و ئەو چالاکییانەی بەلایەنەوە سەرنج ڕاکێشە ئەنجامی بدەن.

نەبوونی هۆکارێک بۆ سەعیکردن

لەکاتی سەعیکردن زۆربەی خوێندکاران دووچاری گرفت دەبنەوە، لەبەرئەوەی بیریان نەکردووەتەوە کە بۆچی پێویستە سەعی بکەن. دیاریکردنی ئامانجێک یان هۆکارێک وا دەکات حەزت بۆ سەعیکردن زیاتر بێت و بەردەوام بیت، ئەم هۆکارانەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، واتە هەموو خوێندکارێک بیرکردنەوەی وەکوو یەک نییە. هەندێک بۆ بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز دەخوێنن و دەیانەوێت لە کۆلێجێکی باش وەربگیرێن، هەندێکی تر بۆ گەیشتن بە ئیشێکی گونجاو و حەز و ئاواتیان لە دواڕۆژدا، بەشێکی تریان تەنها بۆ دوورکەوتنەوە لەو سزایانەی دەکرێت لەلایەن خێزانەکانیانەوە دووچاری ببنەوە ئەگەر نمرەیەکی نزم بەدەست بهێنن و چەندەها هۆکاری تر. نووسینەوەی ئەم هۆکارانە زۆر گرنگە، پێداچوونەوە و خوێندنەوەیان لەو کاتانەی هەست بە بێزاری یان ساردبوونەوە دەکەیت هاندەرێکی باش دەبێت و وا دەکات ئامانجەکەی خۆت بیربکەوێتەوە.

نەبوونی تەکنیکێکی گونجاو بۆ سەعیکردن

لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکی زۆربەی خوێندکاران بریتییە لە نەبوونی شێوازێکی تایبەت بە خوێندن، ئەگەر ئەمە ئەو هۆکارەیە کە وا دەکات توانای سەعیکردنت نەبێت، ئەوا خۆشبەختانە چارەسەری هەیە. سەرەتا دەبێت بیربکەیتەوە و بزانیت کە بە چ شێوەیەک لە بابەتەکان تێدەگەیت. بەشێوەیەکی گشتی چەند تەکنیکێکی جیاواز هەیە کە پەیڕەو دەکرێت وەک چەند جارێک خوێندنەوەی بابەتەکە، بەکارهێنانی کاغەز و پێنووس، واتە لەڕێگەی نووسینەوە، یان بە گوێگرتن لە بابەتەکە، باسکردن و شیکردنەوەی لەلایەن کەسێکەوە وەک مامۆستا، هاوڕێ یان هەر کەسێکی تر کە شارەزای بوارەکە بێت. سەرەتا پێویستە ئەو تەکنیکە دیاری بکەیت کە لەگەڵ تۆ گونجاوە و دواتر ئەنجامی بدەیت. ئەگەر بە نووسین توانای تێگەیشتنت هەیە، هەوڵبدە کاغەز و پێنووس بەکار بهێنیت و تێبینی بنووسیتەوە. داوا لە کەسێکی نزیکت بکە بابەتەکەت بۆ ڕوون بکاتەوە ئەگەر بە گوێگرتنی بابەتەکە لەلایەن کەسێکی ترەوە تێدەگەیت.

بەتەنها سەعیکردن

ئەمە هۆکارێکی سەرەکی نییە بۆ ئەوەی نەتوانی سەعی بکەیت، زۆربەی خوێندکاران سەعی کردنیان بەتەنها پێ باشترە، چونکە پێیان وایە زووتر بابەتەکە تەواو دەکەن و سەرنجیان زیاترە. بێگومان هەموو کەسەکان وەک یەک نین بۆیە هەوڵبدە ڕێگە گونجاوەکە بدۆزیتەوە، بەڵام ئەگەر تۆ کەسێکیت کە بەتەنها سەعیکردن بێزارت دەکات، کەواتە هەوڵبدە لەگەڵ هاوڕێکەت پێکەوە ئەنجامی بدەن. ئاگاداربە چی جۆرە کەسێک بۆ ئەم مەبەستە هەڵدەبژێریت، چونکە هەڵبژاردنی کەسێکی هەڵە و بێ ئامانج لەوانەیە ببێتە هۆی خراپتربوون لەجێی بەرەوپێش چوون. دڵنیاببەوە کە لەگەڵ کەسێکی زیرەک، وریا و گونجاودا خوێندنەکە ئەنجام دەدەیت، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەرت دەبێت و وا دەکات ئارەزووت بۆ خوێندن زیاد بکات و دەبێتە هاندەرێکی باش.

سەعیکردن لە کاتێکی نەگونجاودا

هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو لە ڕۆژەکەدا کاریگەری لەسەر خوێندن دەبێت، دیاریکردنی ئەم کاتەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. هەندێک کەس سەعیکردن لە بەیانییاندا بە گونجاو دەزانن، هەندێکی تر دوای نیوەڕۆیان پێ باشترە و بەشێکی تر شەوانیان لا پەسەندە. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی بزانن چی کاتێکی ڕۆژەکە گونجاوە بۆ سەعیکردن، ئەم لێکۆڵینەوە لەسەر سێ کاتی جیاواز کراوە، کاتەکانیش بریتیین لە ٠٤:٣٠ پاش نیوەڕۆ، ٠١:٣٠ پاش نیوەڕۆ، ٠٩:٣٠ پێش نیوەڕۆ. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە کە ٠١:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ باشترین کاتە بۆ سەعیکردن. هەوڵبدە لە سەرەتای ڕۆژەکە پلانی کاتەکانی خوێندن دابنێیت بۆئەوەی تووشی هیچ گرفتێک نەبیتەوە.

سەعیکردن و پشوودان لەهەمان ژووردا

کاتێک سەعیکردن و پشوودان لە هەمان ژوور ئەنجام دەدرێت، توانا و ئارەزووی سەعیکردن وردە وردە کەم دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات هەست بکەیت بە بەردەوامی خەریکی سەعی کردنیت. بۆ نموونە هەندێک خوێندکار لە ژووری نووستن دەخوێنن، تەنانەت هەندێکیان لەسەر جێگەی نووستنەکە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش وا دەکات سەرنجیان کەم بێتەوە، خەواڵوو ببن و زوو لە خوێندن بێزار ببن. هەوڵبدە لەدوای تەواوکردنی ئەو بەشەی دیاری کراوە بۆ خوێندن ژوورەکە جێبهێڵرێت و لە شوێنێکی تر پشوو وەربگیرێت، بەم جۆرە دوای پشوودان توانای سەعی کردنت دەبێت و بێزار نابیت.

خۆبەراوردکردن

خۆبەراوردکردن بە کەسانی تر وا دەکات خۆت بە کەم بزانیت و ئارەزووی خوێندنت کەم دەکاتەوە، بۆ نموونە کەسەکە پێی وایە کە توانای نییە لەبەرئەوەی کاتێکی زۆرتری پێویستە بۆ تێگەیشتن لە بابەتێک بەبەراورد کەسێکی تر. هەوڵبدە لە بەراوردکردنی خۆت بە کەسانی تر دوور بکەویتەوە چونکە تووشی فشاری دەروونی و دوودڵی دەبیتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانی چێژ لە خوێندن ببینیت، سەرنجت کەم دەبێتەوە و ساردبوونەوە لە خوێندن ڕوودەدات.

نەخواردنی بڕی پێویست لە خواردن

لەوانەیە باسکردنی ئەم بەباتە کەمێک سەیر بێت و بپرسیت چۆن دەکرێیت خواردن کاریگەری لەسەر سەعیکردن هەبێت. خواردنی تەندروست و وەرگرتنی ڤیتامینەکان بە بڕی پێویست کاریگەری لەسەر میزاجی کەسەکە هەیە. هەوڵبدە پێش سەعیکردن زۆرخۆری نەکەیت و خواردنی ناتەندروست نەخۆیت بۆئەوەی هەست بە خەواڵوویی نەکەیت، هەروەها گرنگی بەو خواردنانە بدە کە بۆ مێشک باشن وەک میوەی وشککراو، گوێز، ئەڤۆکادۆ و سەوزەواتەکان.

هەوڵبدە ئەو هۆکارە دیاری بکەیت کە دەبێتە ڕێگر لە سەعیکردن، وا دەکات سارد ببیتەوە و توانای سەعی کردنت نەمێنێت. لە بیرت بێت کەم واتە زۆر، واتە تەرخانکردنی ٣٠ خولەک لە ڕۆژێکدا باشترە لە نەکردنی هیچ شتێک، بە گۆڕانکاری بچووک دەست پێبکە تا بتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بیت.

چەند هەنگاوێک بۆ خوێندن بەبێ بێزاربوون

ھەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو

پێویستە باشترین و گونجاوترین کات ھەڵبژێردرێت بۆ خوێندن، نابێت قوتابی بخوێنێت لەوکاتانەی ھەست بە ماندوبوون دەکات، بەتایبەت لەدوای ژەمی نیوەڕوان چونکە خوێندن لەو کاتانەدا زیاتر بێزارت دەکەن و تەرکیز کەمدەکەنەوە، بۆیە باشترە خوێندن لە کاتە گونجاو و تایبەتەکاندا ئەنجام بدرێت، بۆ نمونە لەدوای ئەنجامدانی ڕاھێنانی وەرزشی، ھەندێک کەس بە ئێواراندا دەخوێنن، وە ھەندێکی دیکە بە بەیانییاندا دەخوێنن، ئەمەش بەپێی چالاکی و ئەو کاتەی قوتابی ئارەزووی دەکات.

خوێندن لەگەڵ ھاوڕێدا

خوێندن لەگەڵ ھاوڕێدا بە باشترین کار دادەنرێت بۆ دوورخستنەوەی قوتابی لە ھەستی بێزاری لەکاتی خوێندندا، خوێندنی بە کۆمەڵ چێژی خوێندنەکە زیاتر دەکات، بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی ڕاست ئەنجام بدرێت، وە دەکرێت لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ھاوڕێدا بە مەبەستی خوێندن گاڵتە و گەپ بکەن لە نێوان خۆیاندا بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم، چونکە ئەمە یارمەتی کەمکردنەوە ھەستی بێزاری دەکات و یادەوەری چالاک دەکات، وە ھاتنەوە یادی زانیارییە خوێندراوەکان باشتر دەکات، بۆیە باشترە لەگەڵ ھاوڕێدا بخوێنیت و زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەیت، وە دەتوانن ئەو زانیارییانەیان بەبیر بێتەوە کە بە یارمەتی یەکتر لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕیان کردووە.

ئەنجامدانی ئەو کارانەی ئاسودەیی بە قوتابی دەبەخشێت

گوێگرتن لە میوزیک یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی بێزاری خوێندکار لەکاتی خوێندندا، کە دەتوانرێت ھیتفۆن بەکاربھێندرێت لەکاتی وانە خوێندندا، ھەندێک لە قوتابیان ئارەزووی لەبەرکردنی پۆشاکی جوان دەکەن تاکو بە خەبەر بمێننەوە، و خواردنەوەی چا و قاوە بە ھەڵبژاردەیەکی باش دادەنرێت لەکاتی خوێندندا، چونکە تەرکیزی قوتابی زیاتر دەکات و دوریدەخاتەوە لە ھەستکردن بە بێزاری.

ئامادەکردنی پێویستییەکانی خوێندن

دەبێت ھەموو پێویستییەکانی تایبەت بە خوێندن لە شوێنێکی دیاریکراودا دابنرێت، وەک کتێب و کاغەز و پێنووس و تێبینییەکان و کۆمپیوتەر و ژەمی سووک و چەندان پێداویستی دیکە، تاکو ڕێگرییە ناپێویستەکانی خوێندن کەمبکرێنەوە.

پشووی کورت

پێویستە ناوبڕ و پشووی کورت ھەبن لەکاتی خوێندندا، چونکە خوێندنی بەردەوام بەبێ پشوو مێشک و جەستە ماندوو دەکەن، بۆیە دەبێت کاتێکی تایبەت بە پشوو دیاریبکرێت لەکاتی خوێندندا، دەکرێت چالاکی وەرزشی و ڕاکردن ئەنجام بدرێت و تەنانەت وەستان بە پێوە و خواردنەوەی ئاو لەکاتی پشووی کورتدا، ئامانج لەم پشووە کورتانە نوێکردنەوەی ھەستی چالاکی قوتابییەکە و زیادکردنی توانای بەردەوامی خوێندنە.

خەڵاتکردنی خوود

دەتوانرێت چێژ لە خوێندن ببینرێت لەڕێی خەڵاتکردنی خوودەوە، بەم شێوەیە ڕۆڵی قوتابی ھاوشێوەی ڕۆڵی مامۆستایەکی سەرەتایی دەبێت کە خەڵاتی قوتابییەکی تێکۆشەر دەکات، بۆیە پێویستە قوتابی سەرکەوتنەکانی دیاریبکات، و ئامانجێک بۆ خوێندنەکەی دابنێت، وەک ئەوەی پێویستە ٢٥ ڕاستی بزانێت دەربارەی ئەم وەرزی خوێندنە، یان دە ستراتیژی وشەسازی فێرببێت، یان فێربوونی ھەر شتێکی دیکە لەو کاتژمێرانەی کە دەخوێنیت، پاشان قوتابی ئەو خەڵاتە دیاری دەکات کە شایەنییەتی گەر ھەموو ئەو کارانەی ئەنجامدا کە پلانی بۆ دانابوو، بۆ نمونە دەتوانێت خەڵاتی خۆی بکات لەڕێی سێرکردنی فیلمێکەوە یان کڕینی جانتایەکی نوێ و چەندان شتومەکی دیکە، ئەمەش تواناکانی قوتابییەکە باشتر دەکات، و ھەستی بێزاری کەمدەکاتەوە لەکاتی خوێندندا.

چۆن ڕێگەیەک بۆ لەبەرکردن بە خێرایی

ڕێکخستنی شوێنی خوێندن

پێویستە ئەو ژینگە ئامادە بکرێت کە تاک تێیدا دەخوێنێت و تێیدا دەحەوێتەوە، دەکرێت مرۆڤەکان ژینگەیەک ھەڵبژێرن سەرقاڵیان نەکات، ھەندێک کەسی دیکە لە شوێنە گشتییەکاندا دەحەوێنەوە، بۆیە دەبێت تاک ئەو شوێنە دیاریبکات کە پێی گونجاوە، پاشان ئامادەکرنی کەشێکی گونجاو تێیدا، دەتوانێت چا بخواتەوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە خواردنەوەی چای سەوز وەک چالاککەرێکی سروشتییە بۆ باشکردنی بیرەوەری.

نوسینی تێبینی

تاک سەرەتا دەتوانێت لەڕێی نوسینی زانیارییەکانەوە بە خێرایی لەبەریان بکات، پاشان دووبارە نوسینەوەیان، ئەمەش یارمەتی تاک دەدات ئەو خاڵانە دیاریبکات کە پێویستە لەبەریان بکات، ھەروەھا ئەنجامدانی ئەم کارە لەکاتی گوێگرتن لە تێبینی دەنگی یارمەتیدەرە لە لەبەرکردنی زۆرێک لە زانیارییەکان، ئەمە بە شێوەیەکی تایبەت بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ھەنگاوەکان یەک لەدوایی یەک لەبەربکەن.

کورتکردنەوە

تاک دەتوانێت ھەر بەشێک کە دەیخوێنێت کورتی بکاتەوە لەو کاتانەی دەیەوێت لەبەریان بکات، ئەم ڕێگەیە پێویستی بەوە ھەیە تاک بیر لەوە بکاتەوە کە دەیخوێنێتەوە و بیخەمڵێنێت و دووبارە فێریان ببێتەوە، تاک دەتوانێت بیرۆکە وەربگرێت لەوەی فێریبووە، پاشان ھەوڵبدات لەسەر حاڵەتی خەیاڵی بیانچەسپێنێت، ئەمەش وادەکات پەیوەندی دەماری لە مێشکدا دروست بببێت بەم شێوەیەش بیرگە بەھێزتر دەبێت.

دووبارە کردنەوەی زانیارییەکان

وا باشە تاک ھەر دێڕێک لە نووسینێکدا چەند جارێک دووبارە بکاتەوە، پاشان ھەوڵدان بۆ بیرھاتنەوەی بەبێ سەیرکردنی، لەکاتی لەبەرکردنی بەشێک لە نووسینێکی دیاریکراو تاک دەتوانێت بەسەریەکەوە لەبەری بکات، لەڕێی زیادکردنی زانیاری نوێوە بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە فێری بووە، ئەمە یارمەتی پاراستنی زانیارییەکان دەدات لە بیرەوەری کورتدا بۆ پاراستن لە نەمان، و تاک دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەری تاکو بڕگەیەک لە نوسینەکە یان بەشێک لە نوسینەکە لەبەردەکات، و نابێت بچێتە سەر بەشێکی دیکە تاکو ئەو بەشەی کە دەیخوێنێت بە تەواوەتی لەبەردەکات.

بەستنی بیرۆکەکان بە یەکەوە

تاک دەتوانێت بابەت بە شێوەیەکی خێراتر لەبەربکات لەڕێی بەستنی ئەو بابەتانەی ھەوڵی فێربوون و لەبەرکردنیا دەدات، لەگەڵ ئەو بابەتانەی دەیزانێت، وا دەردەکەوێت کە پەیوەندی عەقلی تایبەت بە زانیارییەکی دیاریکراو لەگەڵ ئەو زانیارییەی کە دەیزانێت ھەیە، بەم شێوەیە دەتوانێت زووتر بەبیری بێتەوە.

دابەشکردنی تێبینییەکان

دابەشکردنی تێبینییەکان بۆ چەند بەشێکی دیاریکراو لە چەند کۆمەڵەیەکدا یارمەتیدەرە لە بیرھاتنەوەیان بە شێوەیەکی خێراتر، ئەم کارە بە شێوەیەکی تایبەت یارمەتی بۆ ئەو فێرخوازانەی بەزۆری لە ڕێی چاو دوتوانن وانەکانیان لەبەربکەن، بەتایبەت ئەو کاتەی خوێندکار ڕەنگ بەکاردەھێنێت بۆ جیاکردنەوە لە نێوان بابەتەکاندا، ئەمە یارمەتی جیاکردنەوەی زانیارییەکان و دەستکردن بە تۆمارکردنی لە مێشکدا دەدات.

چەند هەنگاوێک بۆ کورتکردنەوەی کتێب

١- چاوپێداخشاندنێکی خێرا بە کتێبەکەدا

چاوپێداخشاندنێکی خێرا بە کتێبەکەدا، و دیاریکردنی ئەو دەقانەی کە دەتوێت کورتیان بکەیتەوە، پاشان دابەشکردنیان بۆ چەند بەشێک، بەشەکان بۆ چەند ناونیشانێکی سەرەکی و ئامادەیی.

٢- بە ھێواش خوێندنەوەیەکی ئاسایی

بە ھێواش خوێندنەوەیەکی ئاسایی ئەو بەشانەی لە کتێبەکەدا دیاریکراوە، بەبێ وەستان لەو خاڵانەی دەبنە ھۆی دروستکردنی کێشە، تەنھا تەرکیز خستنە سەر شێوازی نوسەر لە نوسیندا، ئەو بیرۆکە سەرەکییەی کە لە دەقەکاندا ھەیە.

٣- دووبارە خوێندنەوەی و ئاگاداربوون

دووبارە خوێندنەوەی و ئاگاداربوون کە دەستەواژەی کتێبەکە و ڕاستییە سەرەکییەکەکان کە پشتیان پێ دەبەسترێت، وە ھێڵ ھێنان بە ژێر ئەو دەستەواژانەی لەکاتی نوسینی کورتەی کتێبەکەدا ئاماژەی پێدەکەیت، دانانی ھێمایەک لەسەر ئەو دەستەواژانەی پێویستە دوورببکەویتەوە لێیان، ھەروەھا ھێمایەکی دیکە لەسەر ئەو دەستەواژانەی لێیان تێناگەیت.

٤- نوسینی بیرۆکەی سەرەکی

نوسینی بیرۆکەی سەرەکی ھەموو بەشەکانی کتێبەکە، کە لە ھەنگاوی یەکەمدا دیاریکراوە، لەرێی نوسینی دەستەواژەیەکی دیار بۆ ھەر بەشێک، بیرۆکەی سەرەکی خاڵە سەرکییەکان دەگرێتەوە دوور لە خاڵی لاوەکی.

٥- نوسینی بیرۆکەی سەرەکی بۆ ھەموو کورتەکە

نوسینی بیرۆکەی سەرەکی بۆ ھەموو کورتەکە (thesis statement)، پشت بەستن بەو دەستەواژانەی لە ھەنگاوی پێشوودا نوسراون، نەتوانین لە جێبەجێکردن ئەم ھەنگاوە بە واتای ئەوە دێت ھەڵەیەک لە ھەنگاوی پێشوودا ھەیە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆی و دڵنیاببینەوە لەوەی دەستەواژەکان بیرۆکەی سەرەکی تێدایە.

٦- نوسینی کورتە

نوسینی کورتە بە پشت بەستن بە بیرۆکەی سەرەکی، و دەستەواژەی نێو کتێبەکە و دەستەواژەی تایبەت بەو کەسەی کورتەی کتێبەکە دەنوسێت، لە پاڵ بەکارھێنانی ھەندێک وشە وەک (پاشان، لەگەڵ، ھەروەھا، هتد).

ئامۆژگاری بۆ کورتکردنەوەی کتێب

باشترە کورتەی کتێب دابەش بکرێت بۆ بەشی بچووک، بۆ ئاسانکردنی خوێندنەوە لەسەر چینی بە ئامانجگیراو، ھەروەھا دەبێت کۆپییەکی بابەتیانە بێت لەسەر بنەڕەتییەکە، نابێت ھیچ زانیارییەکی دەرەکی تێدابێت و ھیچ لادانێک دەرنەخات، ھەروەھا دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانی زیاد لە پێویستی ھێمای وەرگیراو، بەم شێوە کورتەکە تەنھا دەبێتە وەرگیراوێک لە کتێبە بنەڕەتییەکە.

ھۆکارەکانی کورتکردنەوە

١- تاقیکردنەوە: کورتکردنەوەی کتێب تاقیکردنەوەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی کورتەکە، و توانای دەربڕینی بیرۆکە و ئەو بەھرانەی لە نوسیندا ھەیەتی.

٢- توێژینەوە: لەکاتی ئامادەکردنی توێژینەوە ھەندێک بابەت پێویستی بەوە ھەیە کە توێژەر ئەوەی دەیزانێت لەسەر توێژینەوەکانی ڕابردوو پێشکەشی بکات، بە واتای پێشکەشکردنی توێژینەوە و زانیاری نوێی پەیوەندیدار بە بابەتی توێژینەوەکە، بۆیە دەبێت توێژەرەکە سەرەتا بیخوێنێتەوە، و پشت بەستن بە پێشکەشکردنی کورتەکەی لە توێژینەوەکەیدا.

٣- ناوەڕۆک: دەکرێت کورتەی کتێبەکە بۆ ناوەڕۆک بێت، یان بە نمونە بۆ ئامادەکردنی لیستێک بێت، بەم شێوەیە کورتەی کتێبەکە زۆر کورت دەبێت، کە بۆ خەڵکی دەردەخات ئایا پێویستیان بەم کتێبە ھەیە یان نا.

چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی ببیتە قوتابییەکی سەرکەوتوو

ڕێکخستنی کات

ڕێکخستنی کات تایبەتمەندییەکی گرنگە بۆ ئەوەی ببیتە قوتابییەکی سەرکەوتوو، قوتابی پێویستە زوو دەستبکات بە خوێندن بۆ تاقیکردنەوە، تاکو کاتی پێویستی ھەبێت بۆ پێداچوونەوە کردنی وانەکان، ھەروەھا گرنگیدان بە کاتی پێویستە بۆ پشوودان، دەبێت ئەو وانانەی نوێن ئامادە بکرێن پێش ئەوەی لەگەڵ مامۆستادا بخوێنرێن.

زیادکردنی کۆشش

قوتابی سەرکەوتوو کۆششی زیاتر دەکات بەراورد بە کەسانی دیکە، چونکە ھەموو ھەلێک دەقۆزێتەوە بۆ بەھێزکردنی لایەنی زانستی، و ھەمیشە داوا لە مامۆستا دەکات ئەرکی زیاتریان پێبدات، ھەروەھا کتێبی دەرەوەی پڕۆگرامی خوێندن و چەندان گۆڤاری بەسوود دەخوێنێتەوە، بەدوایی بیرۆکەدا دەگەڕێت لە ئینتەرنێتدا، وە ھەمیشە بەپەرۆشە بۆ فێربوون زیاتر.

پابەندبوون بە ڕێنماییەکانەوە

پێویستە قوتابی پابەند بێت بە ڕێنماییەکانەوە بۆ دوور کەوتنەوە لە ھەر ھەڵەیەک لەکاتی خوێندندا، کە کاریگەری نەرێنی ھەبێت لەسەر نمرەی کۆتایی، بۆیە دەبێت بە تەرکیزەوە گوێ لە مامۆستا بگیرێت، دەکرێت دەنگی مامۆستا تۆمار بکرێت بە ئامێری تۆمارکردنی دەنگ ئەگەر ڕێگە پێدراو بوو، پێویستە قوتابی دووربکەوێتەوە لە ھەرشتێک کە سەرقاڵی دەکات لەکاتی وانە خوێندندا وەک قسەکردن لەگەڵ ھاوڕێدا، ھەروەھا گرنگیدان بە نوسینی تێبینی و شەرم نەکردن لە پرسیارکردن لەکاتی تێنەگەشتن لە ھەر بابەتێک.

بیرکردنەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی

قوتابی سەرکەوتوو ھەمیشە بە ئەرێنییانە بیردەکاتەوە، شێوازی بیرکردنەوە کاریگەرییەکی دیاری ھەیە لەسەر ئەنجام و بەجێھێنانی ئەرک، ئەگەر قوتابی بەردەوام بە نەرێنییانە بیریکردەوە ئەوە بە بەردەوامی نمرەی نزم بەدەستدەھێبێت، بەڵام ئەگەر قوتابی بە شێوەیەکی ئەرێنییانە بیری کردەوە ئەوە خۆی ھاندەدات تاکو زیاتر بخوێنێت پاشان نمرەی زۆر باشتر بەدەستبھێنێت.

چەند ئامۆژگارییەکی دیکە قوتابی سەرکەوتوو دەکات

چەند ئامۆژگارییەکی دیکە ھەن پێویستە پابەند بیت پێوەی تاکو ببیتە قوتابییەکی سەرکەوتوو، گرنگترینیان:

١- گفتوگۆکردن لەگەڵ مامۆستا

گفتوگۆکردن لەگەڵ مامۆستا دەربارەی ئەو خاڵانەی پێویستە کاریان لەسەر بکرێن، ھەروەھا وەرگرتنی ئامۆژگاری لێیان.

٢- پاککردنەوەی شوێنی خوێندن

پاککردنەوەی شوێنی خوێندن.

٣- نوسینی تێبینی بە ڕێگەیەکی ڕاست

نوسینی تێبینی بە ڕێگەیەکی ڕاست لەکاتی وانە خوێندندا.

٤- گرتنی مامۆستایەکی تایبەت

گرتنی مامۆستایەکی تایبەت لەکاتی پێویست بوون پێی.

٥- دیاریکردنی ئامانج

قوتابی سەرکەوتوو ئامانجەکانی دیاریدەکات جا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بێت یاخود کورت خایەن بێت.

شێواز و جۆرەکانی خوێندنەوە

ناساندن

جۆرەکانی خوێندنەوە یان شێوازەکانی خوێندنەوە بریتییە لە تەکنیک و شێوازە باوەکانی خوێندنەوەی کتێب و دەق و نووسین. خوێندنەوە گرنگییەکی بایەخداری لە ژیانی تاکەکان هەیە و کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوون و گۆڕانی هزر و ژیریی و بۆچوون و ڕەفتارەکان دروست دەکات، بۆیە شێواز و تەکنیکەکانی خوێندنەوە گرنگ و کاریگەرن لەسەر دەستەبەرکردنی سوودەکانی خوێندنەوە.

خوێندنەوەی بێدەنگ

بریتییە لە کردارێکی هزری و بێدەنگ، بەپشتبەستن بە چاوەکانی کەسەکە دەتوانێت دەقی نووسینەکان بخوێنێتەوە بێ ئەوەی دەنگی بەکاربهێنێت، یان بە دەنگێکی زۆر نزم کەسەکە دەخوێنێتەوە، ئەم شێوازەی خوێندنەوە خێرا و ئاسانە زۆرێک لە خوێنەران بەکاریدەهێنن، هەروەها ئەو کەسانەی لە شێوازی خوێندنەوە و دەربڕینی وشەکان لە چەند زمانێک بە توانا نین نموونەی زمانی عەرەبی یان زمانی ئینگلیزی، خوێندنەوەی بێدەنگ بەکاردەهێنن، هەروەها ئەم شێوازە لە خوێندنگەکان بۆ خوێندکارانی سەرەتایی زۆر بەکاردەهێنرێت و یارمەتیدەرە.

خوێندنەوە بە دەنگی بەرز

ئەو خوێندنەوەیەیە کە کەسی خوێنەر دەقی نووسینەکە بە دەنگی بەرز دەخوێنێتەوە و زۆرکات کەسانی تر بیسەری ئەو دەبن، کەسی خوێنەر ئەگەر ئەم جۆرە خوێندنەوەیەی بەکارهێنا پێویستە بە تەواوی لەو زمانە و شێوازی دەربڕینی وشەکان شارەزا بێت کە دەیخوێنێتەوە و لە دەقی نووسینەکە تێبگات، ئەم جۆرە خوێندنەوەیە کاتی زۆری پێویستە، هەروەها زۆرجار گرنگیدان و سەرنج کردنە سەر شێوازی دەربڕینی وشەکان زیاترە وەک لە گرنگیدان بە ناوەڕۆکی بابەت و دەقی خوێندنەوەکە.

خوێندنەوە بە لەسەرخۆیی

ئەو خوێندنەوەیەیە کە بەشێوازێکی لەسەرخۆیی و هێمنانە ئەنجام دەدرێت، ئەم شێوەیە یارمەتیدەرە لەوەی کە زانیارییەکان بەباشی وەربگیرێت و زیاتر لە بابەتەکە تێبگەیت و لە ناوەڕۆکی دەقی نووسینەکە قوڵ ببنەوە، بەڵام ئەم جۆرە خوێندنەوەیە کاتێکی زۆری پێویستە.

خوێندنەوەی شیکارییانە

جۆرە خوێندنەوەیەکی قوڵە، تەنها تیشک ناخرێتە سەر دەقی نووسینەکە، بەڵکوو لە هەموو ڕوویەکەوە سەرنج دەخرێتە سەر دەقی نووسینەکە و هەڵسەنگاندن بۆ دەقەکە دەکرێت.

خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە

خوێندنەوەی ڕەخنەگرانه بریتییە لە دیاریکردنی هەڵە و هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی نێو دەقی نووسین، هەروەها شیکارکردن و ڕاڤەکردنی مەبەستی نووسەرەکە، ئەم جۆرە خوێندنەوەیە سەرنجێکی زۆری پێویستە، دەبێت گرنگی تەواو بە وردەکارییە بچووکەکانی نێو دەقی نووسینەکە بدرێت.

خوێندنەوەی خێرا

بریتییە لەچاو گێڕانێکی خێرا بە بابەتی دەقی نووسینەکە، مەبەست لەم جۆرەی خوێندنەوە، بریتییە لە وەرگرتنی زانیاریی سەرەتایی لەسەر بابەت و مەبەستی دەقی نووسینەکە.

زیانەکانی زۆر سەعیکردن

سەرەتا

زیانەکانی زۆر سەعیکردن (بە ئینگلیزی: Effects of overstudying، بە عەرەبی: اضرار كثرة دراسة)، سەعیکردن و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش و ئەنجامی باش ئاساییە و کارێکی باشە، بەڵام هەندێک کات سەعیکردنی زۆری خوێندکار بۆ بەدەستهێنانی نمرەی زۆر دەبێتە کێشە، دەکرێت زیان بە لایەنی جەستەیی، عەقڵی و تەنانەت خوێندنیش بگەیەنێت.

نیشانەکانی زۆر سەعیکردن

١. هەستکردن بە ماندوویەتی

هەستکردن بە ماندوویەتی دەبێتە هۆی ئەوەی لەکاتی وانەخوێندندا حەزت بۆ بابەتەکە نەبێت، کاتێک هەست بە ماندوویەتی دەکەیت بەڵام بەردەوامی لە کارکردن لەسەر بابەتەکە و سەرسەختانە سەعی دەکەیت. کاتێک هەست بە بێزاری دەکەیت نیشانەی سەعیکردنی زۆرە، هەروەها سەعیکردنەکەت وەکوو بار و ئەرکێکی قورس لەسەر شانت دەزانیت، ئەم هەستانەت ناوەستن و بەمشێوەیە بەردەوام دەبیت لە سەعیکردن، زانیاری پێویست و باش بەدەست ناهێنیت.

٢. نەبوونی ئارەزوو بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی

کاتێک بەردەوام سەعی دەکەیت و ئارەزووت لە ژیانی کۆمەڵایەتی نییە، نیشانەی ئەوەیە کە زیاد لە پێویست سەعی دەکەیت، ژیانی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی تەندروستی کەسەکان هەیە، لەکاتێکدا کە وانە خوێندنی زۆر ڕێگری لە پەیوەندییە بەسوودەکان دەگرێت، کاتێک گرنگی بە هاوڕێکانت نادەیت و کات لەگەڵ خێزانەکەت بەسەر نابەیت، واتا سەعیکردنی زیاد لە پێویست لە ژیانی کۆمەڵایەتی دووری خستوویتەوە.

٣. نەبوونی سەرنجی چاو لەسەر وشەکان

ئەگەر زیاد لە پێویست بخوێنیتەوە چاوەکان لەبەر ماندوویەتی نەبوونی پشوو تووشی دووربینی و تەڵخی دەبێت، ناتوانن سەرنج بخەنە سەر وشەکانی ناو کتێبەکە ئەمەش زیان بە چاو دەگەیەنێت.

٤. گۆڕانی خەو و خۆراک

خەوبردنەوە لەکاتی وانەخوێندن یان لە پۆلدا واتای ئەوەیە خەوی شەوانە باش نەبووە، ئەو کاتەی تایبەتە بە پشوودانی جەستە و مێشک بۆ خوێندن بەکارهاتووە، ئاواش لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە تووشی کێشە دەبیت. کەمخەوی نەک تەنیا بۆ جەستە بەڵکوو زیانی زۆری بۆ مێشک هەیە، دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری بکاتە سەر پڕۆسەی یادکەوتنەوە.

٥. پاشەکەوت نەکردنی زانیارییەکان بەتەواوی

کاتێک چەندین جار یەک بابەت دەخوێنیتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر و ناتوانیت زانیارییەکانت لەبیر بێت واتای ئەوەیە کە زۆر دەخوێنیت.

کاریگەری و زیانەکانی زۆر سەعیکردن

١- خەمۆکی

ئەگەر پلانێک نەبێت بۆ وانەخوێندن و بەردەوام خۆت بە سەعیکردنەوە خەریک بکەیت لە کاتە جیاوازەکاندا و بۆ ماوەیەکی زۆر، جەستە ڕووبەڕووی کێشەی جیاواز دەبێتەوە وەکوو خەمۆکی و فشار، کە هەندێک کات دەبنە هۆی کێشەی درێژخایەن، کاتێکیش تووشی خەمۆکی یان فشار دەبیت لە ڕێگای گەیشتن بە سەرکەوتن شکستدەهێنیت. توێژەران دەڵێن سەعیکردنی زیاد لە پێویست دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی مێشک و لە ئەنجامدا لەدەستدانی یادەوەری و خەمۆکی.

٢- سەرئێشەی بەردەوام

سەرئێشە کێشەیەکی بێزارکەرە، ئەگەر کەسێک بەبێ پشوودان بەردەوام بخوێنێت، بنووسێت یان تایپ بکات ئاساییە کە تووشی جۆرەکانی سەرئێشە ببێت.

٣- بەکارهێنانی دەرمان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی وزە

هەندێک خوێندکار بۆ قەرەبووکردنەوەی وزەی بەکارهێنراو و ڕزگاربوون لە فشار دەرمان بەکاردەهێنن.

چۆن دووربکەوینەوە لە زۆر سەعیکردن؟

پلانيک دابنێ بۆ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر و بەپێی ئەوە کار بکە، چالاکی کۆمەڵایەتی، یاری فیزیکی و کاتی خۆش لە پلانی ڕۆژانەتدا بگونجێنە.

پشوودانی ڕێک لەدوای کاتژمێرێک لە خوێندن دەبێت ١٠ بۆ ١٥ خولەک بێت.

کاتێک زیاد لە پێویست سەعی دەکەیت، لە هەموو چالاکییە بەسوود و شادی بەخشەکانت دوور دەکەویتەوە دەیانکەیتە قوربانی وانەخوێندنی زۆر، بەڵام ئەگەر بە بەرنامە پێشبکەویت، کاتی پێویستت بۆ ئەمانجەکانی ڕۆژانەت دەبێت.

خەو ڕۆڵی گرنگی لە باشترکردنی کاری یادەوەری هەیە چ پێش چ دوای فێربوون، ئەگەر بەپێی پێویست نەخەویت کاریگەری نەرێنی لەسەر ویست، ئاستی وزە، ڕەوشت و ئاگاییت دادەنێت.

بەرزکردنەوەی ورە لەکاتی وانە خوێندن

پێویستە بزانیت کە بۆچی وانە خوێندنەکەت دوادەخەیت: تۆ باوەڕت بە خۆت هێناوە کە وانەکانت زۆر زیاترن لە ئاستی توانای خۆت یان لەوانەیە واداتنابێت کە وانەکانت زۆر بێزارکەرن و دەبنە هۆی ماندووکردنت یان بەداخەوە هەمیشە چاوەڕێی کاتێکی زێڕین دەکەیت بۆ دەستپێکردن، ئەوەندە لە وانە خوێندن دوور کەوتوویتەوە کە نازانیت لە کوێوە دەست پێ بکەیت، پێویستە بزانیت کە بۆچی لە وانە خوێندن دوورکەوتوویتەوە و هەمیشە ئەنجامدانیت دواخستووە، دواتر هەوڵ بدەیت چارەسەری بکەیت و ورە بە خۆت بدەیت بۆ دەست پێکردن.

بۆ بەدەست هێنانی ورە هەموو بابەتەکان بکە بە خشتە

هۆکاری سەرەکی دووربوونت لە وانەکان ئەوەیە کە بابەتەکانی بەردەمت زیاترە لەوەی پێشبینی دەکەیت، یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ورەش ئەوەیە کە بە پلانەوە بەرەوپێش بچیت و کارە گەورەکان بەسەر کاری بچووکدا دابەش بکەیت، پێویستت بە پلان و بەرنامەیەکی ورد هەیە، ئەم پلانە لەسەر شێوەی خشتەیە و تۆ دەبێت هەر بابەتێک لە بەشێکی جیادا دابنێیت، هەر ڕۆژێکیش بەشێکی خشتەکە ئەنجام بدەیت، بەم شێوەیە کەم کەم بارودۆخت باشتر دەبێت و لەپڕ ڕووبەڕووی کارێکی قورس و زۆر نابیتەوە.

ماف بە خۆت بدە

بۆ دروستبوونی ورە دوای وانە خوێندن بەدڵنیاییەوە ماوەیەک بە خۆت بدە بۆ پشوودان، ئەم پشووە کورتە دەکرێت پێنج خولەک بێت، لەم پێنج خولەکەدا دەتوانیت هەر کارێک کە حەزت لێیە ئەنجامی بدەیت، ئەم پشووە کورتانەش بەشێکن لە پلانەکەت.

بۆچی دەتەوێت نمرەیەکی باش بەدەست بهێنیت

یەکێک لە باشترین ڕێگاکان ئەوەیە کە بزانیت بۆچی دەتەوێت نمرەیەکی باش بەدەست بهێنیت، لیستێک لەو هۆکارانەی کە هەتە ئامادەی بکە، لێرەدا چەند نموونەیەک پشان دەدەین:

  • من دەمەوێت زیاتر فێر ببم و ببمە هۆکارێک بۆ پێشکەوتنی خۆم.
  • من دەمەوێت پەیڕەوی ئەو نەریتانە بکەم کە دەبنە هۆی باشتربوونم.
  • من دەمەوێت خوێندکارێکی ڕێکوپێکتر و باشتر بم.
  • من دەمەوێت لە قوتابخەنەیەک یان زانکۆیەکی باش بم.
  • من دەمەوێت کارێکی زۆر باشم هەبێت.
  • من دەمەوێت لە داهاتوودا کەسێکی بەسوودبم بۆ خێزان و کۆمەڵگاکەم.
  • من دەمەوێت پەرە بە باشترین بیرۆکەکان بدەم.
  • من دەمەوێت بەبێ پەشیمانی بژیم و داهاتووم بنیاد بنێم.

لیستێکی ئاوا بۆ خۆت ئامادە بکە و لەسەر مێز یان شوێنی وانە خوێندنەکەت دایبنێ، هەرکات هەستت بە نائومێدی کرد سەیری لیستەکە بکە و بیخوێنەوە.

بابەتە قورس و ناخۆشەکان لای خۆت سەرنجڕاکێش بکە

جگە لە بواری وانە خوێندن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا شارەزا ببە، کاتێک کە وانەیەکی قورست هەیە و هەست دەکەیت لەکاتی وانە خوێندن زۆر ماندووت دەکات، ڕێک لەو کاتەدا بۆ ئەوەی ورەت لەدەست نەدەیت بە خۆت بڵێ ئایا بەڕاستی خوێندنی ئەم وانەیە قورس و ماندووکەرە؟ یان لەبەر ئەوەی خۆت ئامادە نیت و مێشکت لای نییە وا هەست دەکەیت؟ ئەگەر وات بیر کردەوە کە بابەتێک ماندووت دەکات، بە پرسیار و وەڵام خۆت خەریکی بابەتەکە بکە.

لە بابەتەکە تێبگە، تەنیا بە لەبەرکردنی ڕازی مەبە

یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان تێگەیشتنە لە بابەتەکە، لەڕاستیدا تێگەیشتن زۆر لە لەبەرکردن گرنگترە.

چاوەڕێی ئەوە مەکە کە هەمیشە ورەت هەبێت

یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە کە هەمیشە چاوەڕێی ئەوە لە خۆت نەکەیت کە ورە و تاقەتت هەبێت، هیچ کەسێکیش نادۆزیتەوە کە هەمیشە ورەی کردنی هەموو کارێکی هەبێت.

ڕاهێنانی مێشک بۆ دروستکردنی ورە

دەبێت سوود لە مێشکت وەربگریت بۆ ورە لە کاتی خوێندن، ئەمەش بەجۆرێک دەبێت کە توانای سەرنجدانت زیاد بکەیت، هەرچەندێک توانای سەرنجدانت زیاد بکات، توانای فێربوون و تێگەیشتن لە بابەتەکانت زیاتر دەبێت، تۆ دەتوانیت بە خوێندنەوە، بیرکردنەوە، شیکارکردنی مەتەڵ و زۆر شتی تر سوود لە مێشکت وەربگریت و ڕاهێنانی پێ بکەیت، هەرچەندێک ئەم ڕەوشتانە زیاتر و جۆراوجۆرتر بن، لە ئەنجامدا مێشکیش بەهێزتر دەبێت، جۆری خۆراکیش یەکێکی ترە لەو شتانەی کە کاریگەرەی لەسەر مێشک هەیە، لەو خواردنانەی بۆ مێشک بەسوودن:

  • چەرەس
  • ئەڤۆکادۆ
  • ماسی
  • توو
  • لۆبیا
  • ئاوی هەنار
  • چوکلێتی تاڵ

بەرنامەی وەرزشیت هەبێت

کاتێک سەرنجت لەسەر وانە خوێندن و خۆئامادەکردنە بۆ تاقیکردنەوەکان، ڕەنگە ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکانت لەبیر بکەیت بەڵام تا دەتوانیت با هەموو ڕۆژێک ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک چالاکی جەستەییت هەبێت، کەواتە ئەگەر تۆ دەتەوێت وانە خوێندنەکەت کاریگەر بێت و ورەت هەبێت، ڕاهێنانی وەرزشی و چالاکیی جەستەیی لەناو بەرنامەکەتدا دابنێ، لەو ڕاهێنانە: مەلەکردن، ڕاکردن یان پیادەڕەوی، دەبنەهۆی ئەوەی کە ئۆکسجین، خوێن و ماددەی خۆراکی پێویست بە مێشکت بگات، لێکۆڵینەوەکانیش دەریان خستووە کە وەرزشی کورت دوای وانە خوێندن یارمەتی مانەوەی زانیارییەکان دەدات.

لە ئەنجامی کارەکاندا، بەدڵنیاییەوە خۆت بە سەرکەوتوو وێنا بکە

ئەگەر کێشەت لەگەڵ کارێکی تایبەتدا هەیە، وادابنێ کە ئەو کارەت بە سەرکەوتوویی و باشترین شێوە ئەنجامداوە، توانای وێناکردن یەكێکە لە ڕێگاکانی بەدەستهێنانی سەرکەوتن، ئەمە یارمەتیت دەدات لە لایەنی ڕۆحییەوە بڕوات بە خۆت بێت کە ئەو کارە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدەیت، کاتێک چەندین جار وێنا دەکەیت کە تۆ ئەو کارەت کردووە، ئەمە هێزی ئەوەت دەداتێ لە ڕاستیشدا بە ئاسانی کارەکە ئەنجام بدەیت، کەواتە هەموو ڕۆژێک بیر لە وانە خوێندن بکەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی هەتە، وێنا بکە کە هەموویانت بە سەرکەوتوویی و بەباشی خوێندووە و تێت پەڕاندوون، هەندێک شت هەن کاتی وانە خوێندن دەبنە هۆی تێکدانی سەرنج و بیرت لەسەر وانەکان نامێنێت، بۆیە هەوڵ بدە ڕێگری لەوە بکەیت. بۆ نموونە دەتوانیت، هێڵی ئینتەرنێتەکەت بکوژێنیتەوە، مۆبایلەکەت بخەیتە سەر دۆخی فڕین، مۆبایلەکەت لە ژوورێکی تر دابنێیت، پەیوەندی بە کۆمەڵ و گروپەکان بپچڕێنیت، هەموو یارییەکانی ناو مۆبایل یان تابلێتەکەت ڕەش بکەیتەوە.

ڕۆڵی خێزان لە بەرزکردنەوەی ورەی منداڵ

خێزان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر وانە خوێندنی منداڵ، بارودۆخی خێزانی، جۆری گرنگیدان بە منداڵەکان کاریگەرییان هەیە. بۆ نموونە ئەو دایک و باوکەی کە گرنگی بە منداڵەکانیان دەدەن و ئاگایان لێیانە، ژینگەی ماڵەوە بۆ ئەم جۆرە کارانە ئامادەتر دەکەن. ئەو منداڵانەی کە لەم ڕووەوە گرنگیان پێ دەدرێت ورەیان زیاترە لەو منداڵانەی خێزانەکانیان وەکوو هەمیشە سەرقاڵی کارەکانی خۆیانن و ئەوانیان پشت گوێ خستووە.

سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن

دوایی تەواو بوونی پشووی ھاوین و گەشت و گەڕان لەو ماوەیەدا، قوتابییان ئامادە دەبن بۆ دووبارە گەڕانەوە قوتابخانەکانیان، پەرۆشی گەڕانەوە دەبن بۆ سەر کورسی خوێندنەکانیان، لەگەڵ ھەموو ساڵێکدا قوتابی چەند ئامانجێک و خەونێکی نوێ لەگەڵ خۆی ھەڵدەگرێت، وەک باشترکردنی نمرەکان و ئاستی خوێندن بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ھەروەھا بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی قوتابخانە و چەندان کاری دیکە کە پەیوەندیدارن بە ڕەفتاری قوتابی لە ساڵی نوێی خوێندندا.

ئامۆژگاری بۆ قوتابیان لە ساڵی نوێی خوێندن

گەشبینبوون بە ساڵی نوێی خوێندن

نابێت قوتابی بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن، بە نائومێدی و ڕەشبینییەوە بەھۆی دابەزینی ئاستی خوێندنی لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵکو دەبێت ھیوای ھەبێت و گەشبین بێت، ھەروەھا پێویستە قوتابی بزانێت ئەمە یەکەم کلیلی چارەسەرە بۆ بەدەستھێنانی جیاوازی و گۆڕانی ئەرێنی لەماوەی ساڵی خوێندندا، چالاکی زۆر گرنگە بۆ دەستکردنەوە بە ساڵی نوێی خوێندن.

دیاریکردنی ئامانج

گرنگە لە ساڵی نوێی خوێندندا قوتابی ئامانجەکانی دیاری بکات، ھەندێک لە قوتابییان ئامانجەکانیان دیاریدەکەن بە بەدەستھێنانی نمرەیەکی بەرز لە وانەی بیرکاری یان وانەی ئینگلیزی، لەکاتێکدا ھەندێک قوتابی سەرکەوتوو ئامانجیان باشترکردنی ڕەفتارەکانییان لە قوتابخانە و چۆنییەتی بەشداریکردن لەو چالاکییانەی لە پڕۆگرامی خوێندندا نین، وەک ئاھەنگی کۆتایی ساڵ و جەژنی مامۆستا و چەندان چالاکی دیکە.

ڕێکخستنی کاتژمێرەکانی خەوتن

نابێت قوتابی لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە دوابکەوێت، دەبێت زوو بخەوێت پاش جێبەجێکردنی ھەموو ئەرکەکانی قوتابخانەی و زوو لە خەو ھەستێت، بە وزەیەکی چالاکەوە پاشان ژەمی بەیانیان بخوات، ھەروەھا جێی ئاماژەیە خەوتنی قوتابی بە شێوەیەکی پێویست لە شەودا توانای تەرکیزکردنی لەکاتی ڕوونکردنەوەکانی مامۆستادا لە ناو وانەدا زیاتر دەکات، و وای لێدەکات بە ئاسانی لە وانەکە تێبگات، ھەروەھا بەشداریکردنی ناو پۆلی زیاتر دەبێت.

ناسینی ژینگەی خوێندن

ھەندێک جار قوتابی لە قوتابخانەیەکەوە دەچێتە قوتابخانەیەکی دیکە، بەتایبەت لەکاتی بڕینی قۆناغی سەرەتایی بۆ قۆناغی ناوەندی یان لە قۆناغی ناوەندییەوە بۆ قۆناغی ئامادەیی، ھەندێک لە قوتابیان تووشی سەرلێشێواوی دەبن دەربارەی چۆنییەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ ژینگە نوێیەکەیاندا، وا باشتر قوتابی دەستپێشخەری بکات لە ناسینی ھاوڕێ و مامۆستا نوێیەکان و تێکەڵ بوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا، دروستکردنی پەیوەندییەکان ڕێگە بە تێکەڵبوونی قوتابی دەدات لەگەڵ کەشی نوێی خوێندنەکەی.

ڕێزگرتنی سیستەمی قوتابخانە

ڕێزگرتنی سیستەمی قوتابخانە واتە پۆشینی جلوبەرگی قوتابخانە و پاراستنی پاکوخاوێنی گشتی، و بەجێنەھێشتنی قوتابخانە بەبێ ڕێپێنەدانی فەرمی لە بەڕێوەبەری قوتابخانە، ھەروەھا بەرزنەکردنەوەی دەنگ بەسەر مامۆستادا جا بە ھەر ھۆیەک بێت و ھەر ھۆکارێکی لەپشت بێت، ھیچ پاساوێک نییە بۆ ڕەفتارکردن بەم شێوە خراپە، ھەروەھا سیستەمی قوتابخانە وەستان بە ڕیز لە بەیانیاندا دەگرێتەوە، پاشان چوونە نێو پۆلەکانەوە، لە دوایی چونە ژوورەوە دەستکردن بە خوێندنی وانەی یەکەم.